هاوکات لەگەڵ هێرشە دەرەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە هەر چەشنە سەرهەڵدانێکی جەماوەری، کەشێکی توندی سەربازییان بەسەر شارەکاندا سەپاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واڵستریت ژوورناڵ"، لە کاتێکدا ژێرخانە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر هێرشی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیلدان، دەسەڵاتدارانی تاران شەپۆلێکی بەرفراوانی گرتن و سەرکوتیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان دەست پێ کردووە.
دانیشتووانی تاران باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارە دەمامکدارەکانی ڕێژیم بە چڕی لە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە و لە کاتەکانی شەودا بازگەی پشکنینی زۆر لە گەڕەکەکاندا دانراون.
سپای پاسداران لە ڕێگەی نامەی مۆبایلەوە (SMS) هەڕەشەی توند لە هاووڵاتییان دەکات و هۆشداری دەدات کە هەر جۆرە گردبوونەوەیەک بە "لێدانێکی کوشندەتر" لە سەرکوتەکانی ڕابردوو وەڵام دەدرێتەوە.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدەن کە تا ئێستا سەدان کەس، لەوانە چالاکوانانی مەدەنی و ئەو کەسانەی بە گومانی خۆشحاڵی دەربڕین بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان تۆمەتبار کراون، دەسبەسەر کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و هاتنەسەرکاری موجتەبا خامنەیی، ڕێژیم هەموو توانای خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی نێوخۆ بەکار دەهێنێت تا ڕێگری لە هەرەسھێنانی یەکجاریی دەسەڵاتەکەی لە نێوەڕاستی شەڕێکی دەرەکیدا بکات.
ئەم هەوڵانەی ڕێژیم بۆ سەرکوتی نێوخۆ لە کاتێکدایە کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، هێزی ئینتزامی نیمچە ئیفلیج بووە و ڕێژیم بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان دەستی داوەتە پچڕاندنی هێڵی ئینتێرنێت.