کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسیی جیددی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ناوچەکە

12:27 - 26 رەشەمه 2725

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەسی مەدەنی و زیانگەیاندن بە ناوچە نیشتەجێبوونەکان.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە بەیانییەیەکدا کە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمە بڵاوی کردووەتەوە، کە کۆماری ئیسلامی لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج. لەم هێرشانەدا بە شێوەیەکی نایاسایی شوێنە گشتییەکانی وەک باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان، هۆتێلەکان، فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و باڵوێزخانەکان کراونەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕێکخراوە، ئەو هێرشانە تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ١١ کەس و برینداربوونی ٢٦٨ کەسی دیکە. زۆربەی قوربانییەکان کرێکارانی کۆچبەر و هاووڵاتییانی مەدەنی بوون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێ سەربازییەکانەوە نەبووە.

جۆی شی، توێژەری باڵای ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند: "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبری داوای لێبووردنی ڕواڵەتی، دەبێ دەستبەجێ هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی لە سەرتاسەری کەنداو بگرنە بەر."

ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکان پێشێلکارییەکی زەق و نایاساییە و کۆماری ئیسلامی بەرپرسیارە لەو خوێنڕشتن و ئەو کاولکارییەی لە ناوچەکەدا دروستی کردووە.