''نێت بلاکس'' ڕێکخراوی چاوەدێری دۆخی ئینتێرنێت لە جیهان ڕایگەیاند کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە هەژدەیەمین ڕۆژی خۆی و دوای ٤٠٨ کاتژمێر، دەستڕاگەیشتن گشتی بۆ ئینتێرنێتی نێودەوڵەتی هێشتا دابین نەکراوەتەوە.
نێت بلاکس، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە بڕینی بەربڵاوی دەستڕاگەیشتن بۆ ئینتێرنێتی جیهانی لە ئێران بەردەوامە و بەکارهێنەرانی ئاسایی هێشتا لە پەیوەندی بە تۆڕی نێودەوڵەتی بێبەشن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری هاووڵاتییان لەگەڵ داخرانی ئینتێرنێت بەرەوڕوون، تەنیا کەسانی سەر بە ڕێژیم دەستیان بە ئینتێرنێتی جیهانی ڕادەگات.
ئەم ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەکارهێنەرانی دیکە ناچارن تۆڕێکی نێوخۆیی بەکاربهێنن کە لە ژێر کۆنترۆڵی چڕی ڕێژیمدایە و ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بۆ زانیارییەکان بە توندی سنووردار دەکات.