کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیناریۆی پێنتاگۆن بۆ دەسبەسەرداگرتنی پاشکەوتی ئەتۆمیی ئێران

13:06 - 26 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی "واڵ ستریت ژوورناڵ"، لە کاتێکدا دۆناڵد ترامپ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی وەک ئامانجی سەرەکیی شەڕ ڕاگەیاندووە، شارەزایانی نیزامی باس لە ئەگەری ئەنجامدانی ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنی زەوینی مێژوو بۆ دەسبەسەرداگرتن یان لەنێوبردنی پاشکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەکەن.

سەرچاوە نیزامی و ئیتلاعاتییەکان جەخت دەکەنەوە کە لە ئێستادا سەدان کیلۆ ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد لەژێر داروپەردووی پاشماوەی هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی ژووئەنی ڕابردوو لە دامەزراەکانی ئیسفەهان و نەتەنزدا ماونەتەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم دواییانە ڕایگەیاند کە تاران لە ئێستادا بۆ دەرهێنانەوەی ئەو ماددانە لەژێر داروپەردووەکە هیچ بەرنامەیەکی نییە ؛ بەڵام واشنگتۆن نیگەرانە لەوەی مانەوەی ئەم پاشکەوتە لە دەستی حکوومەتێکدا کە بۆ مانەوەی خۆی بەشەڕ دێت، مەترسیی بەرهەمهێنانی بۆمب لە سایتە ژێرزەمینییە نوێیەکاندا دروست بکات.

جیمز ستاڤریدیس، فەرماندەی پێشووی ناتۆ، هۆشداری داوە کە دەسبەسەرداگرتنی ئەم ماددانە پێویستی بە ناردنی زیاتر لە هەزار هێزی تایبەت، یەکەکانی ئەندازیاری بۆ هەڵکەندنی داروپەردووەکە و تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەڵە تەقەمەنییەکان هەیە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە ڕەنگە چەندین ڕۆژ بخایەنێت، مەترسیی وەک هێرشی دڕۆن، پیسبوونی ڕادیۆئەکتیڤی (Radioactive) و پێکدادانی ڕاستەوخۆی زەوینی لەگەڵ دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ترامپ ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرنجی سەرەکی لەسەر پەکخستنی توانای مووشەکی و دڕۆنیی ئێرانە و ئۆپەراسیۆنی دەسبەسەرداگرتنی ئۆرانیۆم لە ئەولەوییەتدا نییە.