کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جروزالم پۆست: عەلی لاریجانی کوژرا

14:18 - 26 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "جروزالم پۆست"، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، پشتڕاستی کردەوە کە عەلی لاریجانی، سکرتێری شورای باڵای ئەمنییەتی میللی و ئەو کەسەی کە دوای مردنی عەلی خامنەیی بە کردەوە بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، لە هێرشێکی ئامانجداردا کوژراوە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە بە گرنگترین گورز لە پێکهاتەی فەرماندەیی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەسپێکی شەڕ لە ٩ی ڕەشەمەوە وەسف دەکرێت.

 ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها توانیویەتی غوڵامڕەزا سولەیمانی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیج و جێگرەکەی "سەید قورەیشی" لە نێو خێوەتێکی کاتیدا بکاتە ئامانج و لەناویان ببات.

جگە لەمانە، کوژرانی فەرماندەی هێزی هەوافەزای سوپای پاسدارانیش لە لایەن بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیلەوە بە فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە لاریجانی لە حەفتەکانی ڕابردوودا "دیارترین دەنگی ڕێژیم" بووە و بەرپرسیاریەتیی ڕاستەوخۆی دانوستانە ئەمنییەتییەکان و وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپی لە ئەستۆ بووە.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان سەبارەت بە برینداربوونی سەختی موجتەبا خامنەیی و دەرنەکەوتنی لە ناوەندە گشتییەکاندا، لەنێوبردنی لاریجانی دەکرێت بۆشاییەکی قووڵی دەسەڵات لە جەستەی حاکمییەتدا دروست بکات.