بەپێی ڕاپۆرتی بیبیسی جیھانی، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، زانیاریی نوێی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی ڕابردوو ئاشکرا کرد و پشتڕاستی کردەوە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە توانیویەتی عەلی لاریجانی، سکرتێری شورای ئەمنییەتی میللی و غوڵامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج لەنێو ببات.
کاتس جەختی کردەوە کە ئەو و سەرۆکوەزیران فەرمانیان بە ئەرتەش داوە لە شوێنپێهەڵگرتن و لەنێوبردنی ڕێبەرانی "ڕێژیمی تێرۆر و سەرکوت" لە ئێران، بە توندی بەردەوام بن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی گۆڕانکاری لە کادری ڕێبەرایەتیی ئێراندا کرد و ڕایگەیاند: ''خێرایی لەنێوبردنی بەرپرسانی ڕێژیم دوای تێرۆرکردنی ئەم دوو بەرپرسە باڵایە، زیاتر لە جاران خێراتر بووە.
ناوبراو هەروەها لە جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەدا، سپاسی وردکاریی کارەکانی فڕۆکەوانانی هێزی ئاسمانی و ئەفسەرانی هەواڵگریی کرد.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران تا ئێستا بە فەرمی هەواڵی کوژرانی لاریجانی و سولەیمانی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە گورزێکی کوشندە و قورس لە پێکهاتەی ئەمنیی تاران کەوتووە.