سپای پاسداران جارێکی دیکەش بە دڕۆن کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نیزیک شاری کۆیەی کرد بە ئامانج.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن هێرشی کردە سەر کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات. هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل بەردەوام بووە و لەو ماوەیەدا بە زیاتر لە ٢٠ مووشەک و دڕۆنی هێڕشی کردووەتە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات. لە ئاکامی ئەو سەدان هێرشەی سپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا ٧ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش شەهید بوون و فەرمانبەرێکی بنکەیەکی فەڕەنسی کوژراوە و هەروەها دەیان کەسیش بریندار بوون.
هێرشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە دژی هێرشه بهردهوامهکانی ئهم ڕێژیمه و میلیشیاکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەڵوێستی بەکردەوەی هەبێت.
شایانی باسە شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢١ی ڕەشەمەی خۆیدا پەلامار و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە بە توندی مەحکووم کردبوو.