دوای چەند کاتژمێرێک لە بێدەنگی، سکرتاریای شورای باڵای ئەمنییەتی میللی ڕێژیم، بە فەرمی هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەو شواریە و سەرۆکی پێشووی مەجلیس و ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ئەو بەیاننامە فەرمییە و ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "فارس"، هێرشەکە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و ماڵی کچی لاریجانی لە ناوچەی پەردیس کراوەتە ئامانج.
لەم هێرشەدا جگە لە عەلی لاریجانی، چەند کەسێکی دیکەش کوژراون کە بریتین لە: مورتەزا لاریجانی، کوڕی عەلی لاریجانی، عەلیڕەزا بەیات جێگری لاریجانی و سەرۆکی تیمی پاسەوانەکان و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی.
لە لایەکی دیکەوە، سپای پاسدارانی شەوی سێشەممە هەواڵی کوژرانی غولامڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی پشتڕاست کردەوە.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشە ئاسمانییەکانیاندا فەرماندەی بەسیج و عەلی لاریجانی کراونەتە ئامانج.