کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی کەسێکی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دا

10:18 - 27 رەشەمه 2725

هەواڵدەریی "میزان"، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدانی "کورووش کەیوانی" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کورووش کەیوانی بەوەی تۆمەتبار بووە کە وێنە و زانیاریی شوێنە هەستیارەکانی ئێرانی داوەتە مەئمورانی مووساد.

ئەم میدیایە بەبێ خستنەڕووی وردەکاری زیاتر سەبارەت بە پرۆسەی دۆسیەکە، جەختی کردووەتەوە کە سزاکە دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە کە ئەم کەسە لە چوارەمین ڕۆژی دەستپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژە لە شاری ساوجبڵاغ لە پاریزگای ئەلبورز دەسبەسەر کرابوو.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم تۆمەتبارە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی چەندین جار دەسبەسەرکردن و سزادانی کەسانی بە تۆمەتی هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.

ئەم دۆسیانە زۆربەی کات لەگەڵ هەندێک تۆمەت وەکوو سیخوڕی، گواستنەوەی زانیاریی هەستیار و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە هەواڵگرییە بیانییەکان بوون.