میدیا نێوخۆییەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە ڕایانگەیاند کە دوو کەس لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە کوژراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکانی ''هائارێتس و تایمز ئۆفی ئیسرائیل'' و وتەی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان، ئەم کەسانە لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری ''ڕامات گان'' لە نزیک تێلیاڤیڤ بە سەختی بریندار ببوون و دواتر بەهۆی کاریگەری برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە کە دوو کەسی دیکەش لە شارەکانی ''بەنی براک و پەتاح تیکوا'' لە ڕۆژهەڵاتی تێلئاڤیڤ بە سووکی بریندار بوون.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە بەرکەوتنی مووشەک لە چەندین خاڵ لەو وڵاتە تۆمار کراوە و داوای لە خەڵک کردووە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان دوور بکەونەوە.
دوای کوژرانی عەلی لاریجانی، کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە وەک تۆڵەکردنەوە، تێلئاڤیڤی بە مووشەکی تەیارکراو بە کڵاوەی "خوشەیی" کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئێران چەندین جار کڵاوەی خوشەیی بەکارهێناوە؛ ئەم کڵاوانە لە نیوەی ڕێگادا دەبنە چەندین بۆمبی بچووکتر و لە ناوچەیەکی بەرفراواندا بڵاو دەبنەوە، کە ئەمەش ڕێگریلێکردنیان قورس دەکات.