کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئەمریکا بە بۆمبی سەنگەرشکێن بۆ سەر سایتە مووشەکییەکانی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز

10:34 - 27 رەشەمه 2725

ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا، بە بەکارهێنانی بۆمبی سەنگەرشکێن، پێگە مووشەکییەکانی ئێرانی لە نزیک گەرووی ستراتیژیی هۆرمۆز پێکاوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" ڕایگەیاند کە هێزە ئەمریکاییەکان چەندین بۆمبی ٥ هەزار پۆندییان دژی سایتە موشەکییە قایمکراوەکانی ئێران لە کەناراوەکانی نزیک گەرووی هۆرمۆز بەکار هێناوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتی لەو ڕێڕەوە گرنگەدا ئەنجام دراون.

بە وتەی سێنتکام، مووشەکە کرۆزە دژە کەشتییە جێگیرکراوەکان لەم سایتانەدا، بە هەڕەشە بۆ سەر هاتووچۆی دەریایی لەم ڕێرەوە ستراتیژییەدا ئەژمار دەکران.

وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ئاستی زیانە بەرکەوتووەکان یان کوژراو و بریندارە ئەگەرییەکانی ئەم هێرشانە بڵاو نەکراوەتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ کاردانەوەیەکی فەرمییان بەرامبەر بەو بەیاننامەیەی ئەمریکا نیشان نەداوە.