لە دوای چڕبوونەوەی گرژییەکان و پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەریی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو لەلایەن ڕێژیمی ئێران، ئەو وڵاتانە دووبارە بوونە ئامانجی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کۆماری ئیسلامی.
عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە سیستمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە شەش دڕۆنیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە شناسایی کردووە و تێکیان شکاندوون.
هاوکات، کوەیتیش ڕایگەیاند کە بەرەنگاری هەڕەشەی مووشەکی و دڕۆنیی دوژمنکارانەی ئێران بووەتەوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە ڕێنماییە ئەمنییەتییەکان ڕەچاو بکەن.
لە ئیماڕاتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕێکخراوی بەڕێوەبری قەیرانەکان ڕایگەیاند کە بەرگریی ئاسمانی دژی هەڕەشەیەکی مووشەکی چالاک کراوە و ڕاپۆرتەکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە دوبەی دەکەن.
بەرپرسانی نێوخۆیی ڕایانگەیاندووە کە موشەکێک تێک شکێنراوە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
لەو پەیوەندییەدا، ئانتۆنی ئالبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە هاوێژراوێک لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کراوە و لە نزیک بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ئیمارات کەوتووەتە خوارەوە کە زیانی کەمی بە هەندێک لە دامەزراوەکان گەیاندووە.
هەروەها، سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لە ڕوودانی چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەروەها بیستنی دەنگی چوار تەقینەوە لە هەولێر کردووە.