کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و فەرماندەکانی ڕێژیمی ئێران

13:34 - 27 رەشەمه 2725

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هەواڵگریی ئیسرائیلی بۆ دەستنیشانکردن و بەئامانجگرتنی فەرماندەکانی باڵای نیزامی و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسان و سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییەدا، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ شوێنپێهەڵگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی فەرماندە ئێرانییەکان دەست پێکردووە.

بە نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە سوودوەرگرتن لە تێکەڵەیەک لە زانیارییە مەیدانییەکان، سەرچاوە نێوخۆییەکان لەنێو ئێران و تواناکانی هەواڵگریی پێشکەوتوو ئەنجام دەدرێن.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەندێک لە هێرشە وردەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزە ئەمنییەتییەکان، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە بووە.

لەو ڕاپۆرتەدا، هەروەها ئاماژە بە پەیوەندییە تەلەفۆنییە هەڕەشەئامێزەکان بۆ سەر هەندێک لە فەرماندەکان کراوە کە تێیاندا داوا لەو کەسانە کراوە لە ڕێژیم دوور بکەونەوە.

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە، بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەم جۆرە هەنگاوانە دەتوانن گوشارێکی دەروونیی بەرچاو بخەنە سەر فەرماندەکان و ببێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی فەرماندەیی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ئێران.

ئەم ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە لە پاڵ تێکهەڵچوونە سەربازییەکاندا، شەڕی هەواڵگری و دەروونیش بووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوولایەن.