هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکان، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە نوێترین پێشلکارییەکانی ئێران، چەند دڕۆن ئاراستەی هەولێر کران کە لەلایەن سیستمی بەرگری تێک شکێنران.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی "ڕووداو"، بەیانی ئەمڕۆ و لە نێوان کاتژمێر ٩ بۆ ١١، دەنگی چەندین تەقینەوە لە هەولێر بیستراوە و بە وتەی سەرچاوە مەیدانییەکان، ئەم تەقینەوانە بەهۆی تێکشاندنی ئەو دڕۆنانە بووە کە لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانەوە کراونەتە ئامانج و خراونەتە خوارەوە.
هەروەها کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بە دڕۆنیک نێو شاری کۆیەی کردە ئامانج.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ دڕۆن بەرەو پارێزگای هەولێر و زیاتر لە ٥ دڕۆنیش بەرەو سڵیمانی ئاراستە کراون.
شایانی باسە کە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەل ئێران، زیاتر لە ٣٥٠ مووشەک و دڕۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون کە لە ئاکامی ئەو هێرشانە، تا ئێستا ٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٥ کەسی دیکەش بریندار بوونە.