کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران لە هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

16:04 - 27 رەشەمه 2725

لە بەردەوامیی سیاستە ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە دانیشتووانی ناوچە هاوسنوورەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە کە هەر جۆرە هاتووچۆیەکیان لە هێڵی سنووریدا قەدەغەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان"، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی وەک "پاوە"، "مەریوان"، "بانە" و "سەردەشت" بە دانیشتووانیان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، هێزە نیزامییەکان مافی تەقەکردنیان هەیە و لە ئەگەری بینینی هەر جۆرە هاتووچۆیەکدا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دەستڕێژی گولـلە دەکەن.

بە وتەی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە، هێزەکانی پاسەوانی سنوور و سپای پاسداران بنکە فەرمییەکانیان چۆل کردووە و لە مزگەوتی گوندەکان و هەروەها بەرزاییە شاخاوییەکاندا جێگیر بوونە.

هەڕەشەکان سەبارەت بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتیان، بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی بەربڵاو لە نێوان دانیشتووانی گوندە سنوورییەکاندا؛ چونکە بەشێکی بەرچاوی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەم ناوچانە، لەوانە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، پەیوەندییان بە هاتوچۆ لە ناوچەکانی نزیک سنوور هەیە.