کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەکانی "پارس جنوبی و عەسەلوویە" لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج

16:19 - 27 رەشەمه 2725

میدیاکانی نێوخۆی ئێران ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، چەندین مووشەک بەر ژێرخانە سەرەکییەکانی وزە لە ناوچەی "پارس جنوبی" و ناوچەی تایبەتی ئابووریی "عەسەلوویە" کەوتوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم هێرشانە بە وردی دامەزراوەکانی پێترۆشیمی  و کۆگا ستراتیژییەکانی گازیان لە قۆناغە جیاوازەکانی پاڵاوگەی عەسەلوویە کردووەتە ئامانج.

هەواڵدەریی "فارس" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی پێکانی دامەزراوەکان، ڕایگەیاندووە کە ئاگرێکی گەورە لە چەندین کۆگای سووتەمەنی و بەشە جیاوازەکانی کارپێکردنی پاڵاوگەکەدا کەوتووەتەوە.

لە دوای ڕوودانی تەقینەوەکان، سەرچاوەکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە پێرسۆنیلی ئەو ناوەندانە بۆ شوێنی ئارام گواستراونەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

چاودێرانی بواری وزە پێیان وایە کە بە ئامانجگرتنی عەسەلوویە وەک چەق و مەکۆی سەرەکیی بەرهەمهێنانی گاز و سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانیی ڕێژیم، دەبێتە هۆی پەکخستنی توانا کردارییەکان و هەناردەکردنی وزەی ئێران ئەمەش لە نێوەندی ئەم گرژییانەدا کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورە دەکاتەوە.