وەزارەتی ئیمارات ڕایگەیاند، کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەمە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە توانیویەتی ١٣ مووشەکی بالستیکی و ٢٧ دڕۆن کە لەلایەن ئێرانەوە ڕەوانە کرابوون، بەرپەرچ بداتەوە و تێکیان بشکێنێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێران لە ٩ی ڕەشەمەمەوە تا ئێستا، ئیمارات توانیویەتی ٣٢٧ مووشەکی بالستیکی، ١٥ مووشەکی کرووز و ١٦٦٩ دڕۆن تێک بشکێنێت.
لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، تا ئێستا دوو سەربازی ئیماراتی و ٦ کەسی مەدەنی بە ڕەگەزنامەکانی پاکستانی، نیپاڵی، بەنگلادیشی و فەلەستینی کوژراون. هەروەها ١٥٨ کەسی دیکە بریندار بوون کە برینی هەندێکیان قورسە .
ئیمارات ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" وەسف کردووە. وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە: ''ئێمە لە ئامادەباشیی تەواوداین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک و بە توندی بەرپەرچی هەر هەوڵێک دەدەینەوە کە بیەوێت ئەمنییەتی وڵاتەکەمان تێک بدات."