کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی سپای پاسداران بۆ کردنە ئامانجی پاڵاوگە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو

18:04 - 27 رەشەمه 2725

دوابەدوای هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە سەرەکییەکانی وزە لە ناوچەی "پارس جنوبی" و ناوچەی تایبەتی ئابووریی "عەسەلوویە"، سپای پاسداران بەشێوەی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو کرد.

سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا پێنج پاڵاوگە لە سێ وڵاتی عەرەبستانی سعوودی، قەتەر و ئیمارات دەکاتە ئامانجی هێرشەکانی و ئەو ناوەندانە وەک ئامانجی ڕاستەوخۆ و ڕەوا ناسێنراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، وتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا هەڕەشەی کرد کە دوژمنان دەبێت چاوەڕوانی هەنگاوی بەهێزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بن.

ئەم بەرپرسە سەربازییە هۆشداری دا کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە پەیوەندیدارەکان بە سووتەمەنی، وزە، گاز و کەرتە ئابوورییەکانی دیکەی ئێران، کۆماری ئیسلامی جگە لە وەڵامدانەوە، سەرچاوەی دەستدرێژییەکە بە توندی دەکاتە ئامانج.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە کردنە ئامانجی ژێرخانەکانی وزەی ئێران، هەنگاوی بەرانبەر دژی سەرچاوە هاوشێوەکان لەو وڵاتانەی هێرشەکەیان لێوە ئەنجام دراوە، بە ڕەوا دادەنێت.

ئەم هۆشدارییە کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر فازەکانی ٣ تا ٦ی کێڵگەی گازی "پارس جنوبی" بڵاوکرایەوە کە بەشێک لە ژێرخانە هەستیارەکانی وزەی ئێرانی کردووەتە ئامانج.