کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ توانای ڕێبەریی ڕەزا پەهلەوی خستە ژێر پرسیارەوە

21:33 - 12 رەشەمه 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی تر گومانی خۆی نیشان دا و توانای ڕێبەریی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوورخراوەی دوایین شای ئێران، خستە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بی-بی-سی، ترامپ لە کۆشکی سپی و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ڕەزا پەهلەوی بە بژاردەیەکی گونجاو دەزانێت بۆ بەڕێوەبردنی ئێرانی داهاتوو، وتی: «هەندێک کەس ئەویان خۆش دەوێت»، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە بە بڕوای ئەو «باشترین سیناریۆ ئەوەیە کە کەسێک کە پێشتر لەوێیە (لە نێوخۆدایە)، ئەم بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ.»

ئەمە یەکەم جار نییە کە ترامپ گومان لە ڕۆڵی سیاسیی ڕەزا پەهلەوی دەکات. ئەو پێشتر لە مانگی ژانویەدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو کە دڵنیا نییە پەهلەوی «لە نێوخۆی وڵاتەکەی خۆیدا چۆن دەبێت.» ترامپ وتبووی: «نازانم ئایا خەڵک ڕێبەریی ئەو قبووڵ دەکەن یان نا. بێگومان ئەگەر قبووڵیان بکردایە، بۆ من کێشە نەبوو.»

ئەم لێدوانە نوێیانەی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بەشێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی، باسی گەڕانەوەی بنەماڵەی پەهلەوی دەکەن دوای نزیکەی ٤٧ ساڵ لە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە کاتی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا.

هاوکات، ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانیش بە دووبارەکردنەوەی هەڵسەنگاندنەکەی ترامپ، ئەم پرسیارەیان ورووژاندووە کە ئایا ڕەزا پەهلەوی ـ کە لە کاتی شۆڕشەوە لە دوورخراوەییدا دەژی ـ دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر وڵاتێک بەڕێوە ببات و کۆنترۆڵی بکات کە دەیان ساڵە لێی دوورە؟