لە درێژەی هێرشە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، کاتژمێر ٩ و ٢٠ خولەکی ئەمشەو، سپای پاسداران بە ٣ مووشەکی دیکە کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک شاری کۆیە کردەوە ئامانج.
بەپێی زانیارییە نوێیەکان، تەنیا لە ماوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ڕەشەمەدا، ڕێژیمی تاران ٦جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپ و شوێنی حەوانەوەی بنەماڵەکان.
ئەم شەپۆلە لە هێرشەکان زیانی زۆر و بەرچاوی ماددیی بە ماڵ و حاڵی بنەماڵەکان گەیاندووە و بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و تێکچوونی ژیانی ئاسایی لە نێو شاری کۆیە و دەوروبەریدا.
کۆماری ئیسلامی لە یەکەم ڕۆژی دەسپێکی شەڕی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کردووەتە ئامانجی سەرەکیی بۆردومانەکانی.
لەو ماوەیەدا، ڕێژیم بە زیاتر لە ٣٣ مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم بنەماڵانە. ئەم کردەوانە لە لایەن چاودێرانی سیاسی و یاساییەوە وەک "تاوانی شەڕ'' و تێرۆری ئاشکرای پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی سڤیل لەقەڵەم دەدرێت.