لە درێژەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، چەندین ناوەندی گرینگی وزە لە عەرەبستانی سعوودی و قەتەر ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی و ئاسمانیی ڕێژیمی ئێران بوونەتەوە.
پالاوگەی "سامرەف" لە بەندەری یەنبعی عەرەبستان، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئارامکۆ و ئێکسۆن مۆبیلە، هێرشی کراوەتە سەر. سەرچاوە پیشەسازییەکان دەڵێن کاریگەریی هێرشەکە سنووردار بووە.
بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆز بەندەری یەنبع لەسەر دەریای سوور بووەتە تاقە ڕێگەی سەرەکی بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو.
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی مافی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەیە و ئاماژەی بەوە کرد کە "کەمترین متمانە" کە بە ئێران مابوو، نەماوە. هەروەها باسی لە ٤ کەس کرد کە لە هێرشەکانی پێشووتر بۆ سەر ڕیاز بریندار ببوون.
شیرکەتی "قەتەر ئێنرژی" ڕایگەیاند کە دامەزراوەکانی گازی سروشتی شل لە شارۆچکەی پیشەسازیی "ڕەئس لەفان" بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی بوونەتەوە، کە زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە بەڵام زیانی گیانی نەبووە.