دوای هێرشە موشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی قەتەر، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە پێویستە نۆینەرانی سەربازی و ئەمنییەتییەکانی باڵوێزخانەی ئێران و کارمەندانی ئەو بەشانە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا خاکی ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
بە وتەی بەرپرسانی قەتەری، ئەم کەسانە وەک "کەسی نەخوازراو" ناسێنراون و دەرکردنیان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کردەوەی دوژمنکارانە و بەردەوامەکانی ئێران، ئەنجام دراوە.
دۆحە هەروەها هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کردەوانە، ڕێکاری زیاتر بۆ پاراستنی خۆی دەگرێتە بەر.
پێشتر کۆمپانیای "قەتەر ئێنێرژی" ڕایگەیاندبوو کە هێرش بۆ سەر شارۆچکەی پیشەسازیی "ڕەس لەفان" زیانی گەورەی بە دامەزراوە گازییەکان گەیاندووە.
ئەم ناوچەیە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گاز لە ناوچەکەدا.
سپای پاسداران دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوەکانی "پارس جنوبی"، هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ژێرخانەکانی وزە لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لەوانەش قەتەر، دەکاتە ئامانج.