دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هۆشداری دا کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر قەتەر، واشینگتۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان کێڵگەی گازی پارس جنوبی دەکاتە ئامانج.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر ئەو کێڵگە گازییە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و ئەمریکا و قەتەر هیچ ڕۆڵێکیان تێدا نەبووە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بە تووڕەیی و لە کاردانەوە بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێرشی کردووەتە سەر کێلگەی گازی پارسی جنوبی و تەنیا بەشێکی بچوک لەو کێلگەیە بەئامانج گیراوە.
ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر قەتەر، ئەمریکا بەبێ یان بە هاوکاری ئیسرائیل، گشت مەیدانی پارسی جنوبی بە هێزێک دەکاتە ئامانج و لەنێوی دەبات کە ئێران وێنەی نەدیتبێ.
سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی کە حەز ناکات ڕێگە بەو ئاستە لەم وێرانییە بدات چۆنکە لێکەوتەی درێژخایەنی بۆ ئێران دەبێت، بەڵام ئەگەر جارێکی دیکە دامەزراوەکانی قەتەر بەئامانج بگیرێن، لە دەرکردنی ئەو فەرمانە دوودڵی ناکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە دوای هێرش بۆ سەر پارس جنوبی، ئێران لە هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوەدا ژێرخانەکانی وزەی لە قەتەر و عەرەبستانی کردە ئامانج.