لە کاتێکدا ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ دەنێتە هەفتەی سێیەمی، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە کە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ خەریکی پلانێک بۆ ناردنی هەزاران سەربازی بۆ ناوچەکە و فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنەکان تاوتوێ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە، ئەو بژاردانەی لەبەردەستی کۆشکی سپیدان بریتین لە: دابینکردنی تەواوەتیی ئەمنییەتی تەنگەی هۆرمۆز، جێگیرکردنی هێز لە کەناراوەکانی ئێران و تەنانەت ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک. هەرچەندە ئاماژە بەوە دراوە کە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەدراوە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: "هێشتا بڕیاری ناردنی هێزی پیادە نەدراوە، بەڵام ترامپ هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە."
هاوکات تۆڕی "سیبیئێس نیوز" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترامپ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەوەی ئایا هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماددە ناوەکییەکانی ئێران ڕەوانەی نێوخۆی ئەو وڵاتە بکات یان نا. ناوبراو لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ نزیکەکانی ڕایگەیاندووە: "بڕیارگەلێکی زۆرم لەبەردەمدایە کە دەبێت بیاندەم."
لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامەی "واشنگتۆن پۆست" ئاشکرای کردووە کە پێنتاگۆن داوای لە کۆشکی سپی کردووە بڕی ٢٠٠ میلیارد دۆلار بودجەی زیادی بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ دژ بە کۆماری ئیسلامی لە کۆنگرێس داوا بکات؛ بڕە پارەیەک کە پێشبینی دەکرێت لەلایەن یاسادانەرانی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند ببێتەوە.