دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لە شاری ڕیاز، بەیاننامەیەکی هاوبەش لە دژی هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە دەرکرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی وڵاتانی بەحرەین، کوێت، لوبنان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی تێیدا بەشدار بوون، بە توندی ئەو هێرشانە مەحکووم کران کە بە "بەئەنقەست" ناوچە نیشتەجێبووەکان، ژێرخانە مەدەنییەکان و شوێنە دیپلۆماتییەکانیان کردووەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە "بە هیچ پاساوێک" قبووڵکراو نین.
وڵاتانی بەشداربوو جەختیان لە مافی خۆپاراستنی وڵاتەکانیان کردەوە بەپێی ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە "دەستبەجێ هێرشەکانی ڕابگرێت".
هەروەها داوایان کرد تاران ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و "پرەنسیپی دراوسێیەتی باش" بگرێت و دەست لە هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هۆرمۆز هەڵبگرێت.
ئەم هەڵوێستە توندەی وڵاتانی عەرەبی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی هێرشە موشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئەمنییەتی و ئابووری بووەتەوە.