هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لە ئێران، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باس لە دۆخی نیگەرانکەری بەندیخانەکان و پێشێلکردنی جیددی مافی بەندکراوان، بەتایبەتی لە کوردستان دەکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، بەندیخانەکانی ناوچەکانی کوردستان لەوانە لە مەریوان و سنە لەگەڵ تێکچوونی توندی پێکهاتە و بەڕێوەبردن ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
لە مەریوان، دوای زیان بەرکەوتنی بەشێکی بەندیخانە لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکاندا، بە کردەیی پێکهاتەی بینای بەندیخانە لەنێوچووە و دەسبەسەرکراوەکان بۆ شارەکانی دیکە دەگوازرێنەوە.
هاوکات، لە سنە ڕەوتی پێڕاگەیشتنی کاروباری بەندکراوان لە ژینگەی بەندیخانە هێنراوەتە دەرەوە و بۆ ناوەندی جیهادی کشاوەرزی گوازراوەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتانە هەروەها باس لە بێبەشکردنی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، گواستنەوەی سەرەڕۆیانە بۆ شوێنە نادیارەکان و بارودۆخی ڕاگرتنی نەگونجاو لە بەندیخانەکانی شارەکانی تاران، کەرەج، شیراز و ڕەشت دەکەن.
هەروەها بەندیخانەکانی ڕێژیم، لەوانە بەندیخانەکانی قوم و قەزوین، لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکان و یەکەی تایبەتی "نوپۆ" دان و کەشەکەیان بە تەواوی سەربازی کراوە.