کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە سەقز

12:42 - 28 رەشەمه 2725

"موزەفەر خان ئەردەڵان" کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و برای تێکۆشەری ناسراوی شەهید هومایوون ئەردەڵان، دوای تەمەنێک نیشتمانپەروەری، لە شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، کاک "موزەفەر خان ئەردەڵان"  خەڵکی شاری سەقز لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

موزەفەر خان کە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لەدایک بووە و کەسێکی ناسراو و نەجیب و خۆشەویست بوو.

 ناوبراو بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران لەژێر نەشتەرگەریدا بوو، بەڵام بەداخەوە دوای نەشتەرگەرییەکە و بەهۆی لێکەوتە تەندروستییەکانەوە، گیانی سپارد.

بنەماڵەی بەڕێزی ئەردەڵان، بنەماڵەیەکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و نیشتمانین کە ڕۆڵەی وەک شەهید هومایوونیان پێشکەش بە ڕێگای ئازادیی کوردستان کردووە.

ھۆمایون ئەردەڵان لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بوو کە لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، لەگەل دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و نوری دێھکوردی لە ڕێستورانی میکۆنۆس بە دەستی تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لە بێرڵین شەھید کرا.

ناوەندەی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی ئەردەڵان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەن و خۆیان بە هاوبەشی خەمیان دەزانن.