کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکانی ڕیکۆردی سەرکوتی دیجیتاڵی لە ئێران؛ ٤٥٦ کاتژمێر بێبەشکردنی خەڵک لە ئینتێرنێت

12:46 - 28 رەشەمه 2725

"نێت‌بلاکس"، گرووپی سەربەخۆی چاودێریی ئینتێرنێت ڕایگەیاند کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە ڕۆژی بیستەم و دەستڕاگەیشتنی گشتی خەڵک بە تۆڕی جیهانی ٤٥٦ کاتژمێری تێپەڕاندووە.

ئەم ماوەیە بە درێژترین داخرانیی دیجیتاڵی تۆمارکراو لە مێژووی ئێراندا ئەژمار دەکرێت و ڕیکۆردی پچڕانی ئینتێرنێتی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار شکاندووە.

بە وتەی نێت‌بلاکس، تەنیا گرووپێکی سنوورداری سەر بە ڕێژیم دەرفەتی دەستڕاگەیشتنیان بە ئینتێرنێتی نێودەوڵەتی هەیە و دەنگی خەڵکی ئێران لە کاتی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، نابیسترێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشتر پشتڕاستی کردووەتەوە کە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئینتێرنێتنی نێودەوڵەتی تەنیا بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت کە هاوسۆزی دەسەڵاتن.

شارەزایان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەم هەنگاوە وەک سنووردارکردنی توندی ئازادیی زانیاری و نموونەیەکی ئاشکرای سەرکوتی دیجیتاڵی لە بارودۆخی قەیرانی ئەمنییەتی و سیاسیدا هەڵدەسەنگێنن.