وەزیری دەرەوەی لوبنان لە ڕیاز جەختی کردەوە کە چیتر ڕێگە نادەن لوبنان ببێتە قوربانیی سیاستە ئاژاوەگێڕانەکانی تاران.
یووسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا کە لەسەر بانگهێشتی عەرەبستان لە ڕیاز بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە دەوڵەتی لوبنان لەسەر دەرهێنانی وڵاتەکەی لە چەنگی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوورە.
ناوبراو ئەم ساتەوەختەی بە یەکلاکەرەوە وەسف کرد و جەختی کردەوە ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە ئامانجی تاران، دەبێت هەڵوێستێکی بوێرانە و بەرپرسانە بۆ بەرگریکردن لە ئەمنییەت و سەروەریی خۆیان بگرنە بەر.
ڕەجی بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەم دواییە و دەوری حیزبوڵڵای لوبنان وتی کردەوەکانی ئەم گرووپە، لەوانە هاوێشتنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، بووەتە هۆی وڵامدانەوەی بەرفراوانی ئیسرائیل دژی خاکی لوبنان کە سەدان کوژراو، هەزاران بریندار و زیاتر لە میلیۆنێک ئاوارەی لێ کەوتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک بڕیاری کردەیی داوە و لە حاڵی جێبەجێکردنیاندایە و پاشەکشە ناکات.
هەروەها جەختی لەسەر پشتبەستنی لوبنان بە پاڵپشتیی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونەکان و گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام کردەوە.