کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بنیاتنانەوەی ناوەندگەرایی دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوویە

10:39 - 29 رەشەمه 2725

(پەیامی نەورۆزیی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)

لە کاتێکدا بەرەو نەورۆز دەچین کە نەتەوەی کورد بەتەمایە زیاتر لە جاران ئەم بۆنەیە -کە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ئێران و ناوچەکە- بکاتە هەوێنی بەرەنگاری، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نیشتمانی. لە هەمان کاتدا بەرەوپیری بۆنەیەک دەچین کە بۆ بەشێک لە نەتەوەکانی تر، تەنیا سەرچاوەی نوێبوونەوەی سروشتە؛ بەڵام لە کوردستاندا مانایەکی جیاوازتری هەیە. نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد بە مانای ڕابوون و سەرهەڵدان بەرانبەر بە ستەم و سەردەستی دێت؛ واتایەک کە دەتوانێت لە دەقی گۆڕانکارییەکانی ئێستا و داهاتووشدا مانادار و ئیلهامبەخش بێت و کورد لە ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی بە هەستیارییەوە لێی بڕوانن.

ساڵی تازە نوێنگەی هەلومەرجێکی نوێیە کە تێیدا نەتەوەیەک -کە لە ناو جەرگەی خەبات و بەرگریدا قاڵ بووە- مێژوویەکی نوێ بۆ خۆی دەنووسێتەوە. ئەگەر نەورۆزی پار بۆ ئێمە نەورۆزی خاکیپۆشان و ساتی نوێکردنەوەی پەیمانی وەفا لەگەڵ خاکیپۆشانی نیشتمان بوو، ئەوا نەورۆزی ١٤٠٥ وەک ئاماژە و ئاسۆی ڕزگاری لە مێژووی ئەم نەتەوەیە و لەم بەشەی نیشتماندا تۆمار دەکرێت. ئەم وەرچەرخانە مێژووییە دەرەنجامی هەرەسی یەکجاریی دەسەڵاتێکی ستەمکارانەیە کە دەیان ساڵ بوو ژیانی نەتەوەکانی ئێرانی کردبووە قوربانیی سیاسەتی سەرکوت و فراوانخوازییەکانی خۆی. ئێمە لە کاتێکدا پێ دەنێینە ئەم ساڵە نوێیە کە جیهان شایەتی داڕمانی یەکێک لە دیکتاتۆرییەکانی سەدەی بیست و یەکەمە. کۆی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە پێگە و ڕەوایی سیاسی و دەسەڵاتداری بە خوێن و سێدارە و سەرکوت بونیاد نانرێت؛ ژێرخانی ڕاستەقینەی ئێران کە دەبوو سامانی مرۆیی و کەرامەت و ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکەکەی بێت، لەلایەن ڕژێمەوە وێران کرا.

لێکەوتەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕژێم، لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە تا ئەم ساتانە، سیاسەتی بێبەشکردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و مافەکانیان بووە. قەیرانی ئابووریی بەربڵاو دەرهاویشتەی ئەم سیاسەتەیە. ئەم داڕمانە ئابوورییە دەرەنجامی پلانەکانی ڕژێمێکە کە سەرچاوە و سامانی نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێرانی بۆ پڕۆژە تێرۆریستییەکان و تەیارکردنی گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی سنوورەکان تەرخان دەکرد؛ لە ڕێی هەناردەکردنی شۆڕشەوە وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  هاتە کایەوە و لە ئەنجامدا دژکردەوەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەم‌ساڵدا، شەڕی ١٢ ڕۆژە خاڵێکی وەرچەرخانی بێوێنە و یەکلاکەرەوە بوو کە نەک هەر لاوازیی سیستەمی بەرگریی ڕژێمی بۆ جیهان ئاشکرا کرد، بەڵکوو زیانێکی بەربڵاویشی بە ژێرخان و جەستەی نیوەگیانی ئابووریی ئێران گەیاند. کرانە ئامانجی ڕێبەران و بەڕێوەبەرانی سەربازی، ئەمنی و دەزگاکانی سەرکوت، هەروەها بێ توانایی لە دابینکردنی وزە، توانای وەبەرهێنان و سەقامگیریی بازاڕی گەیاندە نزمترین ئاستی خۆی. لە ئەنجامدا، بەهای دراوی ئێرانی بەرەو داڕمانێکی وا چوو کە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی تووشی شۆک کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕاپەڕینەکانی مانگی بەفرانبار وەک بوومەلەرزەیەکی سیاسی و شەپۆلێکی ڕووخێنەر دەرکەوتن کە تیایدا جەماوەری ڕاپەڕیو، بێترس و لێبڕاوانە سەرلەبەری حکوومەتەکەیان کردە ئامانج. لە ڕەهەندی دەرەکییەوە ڕژێمی تاران گەیشتە بنبەستێکی مێژوویی. ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپا و دواجار چالاککردنی "میکانیزمی ماشە"، لێدان بوو لە شادەماری دیپلۆماسی و دارایی کاناڵەکانی سەر بە دامودەزگای سەرکوتی ڕژێم. یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم قۆناغە، لاوازی و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی زیاتری تۆڕی هێزە پرۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو کە ساڵانێکی زۆر بە هۆی تاڵانکردنی خەڵکی برسیی ئێران تەیار کرابوون. شکستی ئەم پڕۆژە دەرەکییانە کە لەژێر ناوی "قووڵایی ستراتیژیک" ڕێکخستنیان بۆ کرابوو، سەلماندی کە ئاسایشی هاوردەکراو و شۆڕشی هەناردەکراو ناتوانێت ڕێگری لە تەقینەوەی وزەی پەنگخواردووی خەڵکی وەزاڵەهاتوو بکات.

هەر لە ناو جەرگەی ئەم شکستەدا و لە درێژەی شەڕ و ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، کوژرانی عەلی خامنەیی وەک کۆڵەکەی ئەم سیستمە، زەبرێکی گورچبڕ بوو لە تەواوەتیی ئەم ڕژێمە. لە ڕاستیدا کوژرانی عەلی خامنەیی تەنها مەرگی دیکتاتۆرێک نەبوو، بەڵکوو هەرەسھێنانی پڕۆژەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژی بوو کە لەسەر بنەمای وەهم، ستەمکاری و کاولکاری بونیاد نرابوو.

لە توێی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوتاری کوردستانی و پلاتفۆرمی هاوپەیمانیی سیاسیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وەک جەمسەرێکی یەکانگیر و خاوەن پڕۆژە دەرکەوت. ئەم پلاتفۆرمە تەنیا ڕێککەوتنێکی حیزبی نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکی نەتەوەییە. بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان، بەختەوەریی خۆی لە ژێردەستی، پەراوێزخستن و ئینکاری ناسنامەکانی تردا نەبینیوە، بەڵکوو پێداگری لەسەر "کەرامەتی مرۆڤ" و مافی تاک و کۆی نەتەوەکان کردووەتەوە. ئەم پلاتفۆرمە بووەتە سەرچەشنێکی بەهێز بۆ هەموو هەرێمە نەتەوەییە بندەستەکانی ئێران تا پێکەوە کۆتایی بە سەدەیەک لە پەراوێزخستن و بێمافی بهێنن. گەشەی سیاسی و ئابووریی داهاتوو و بەدامەزراوەییکردنی بونیادەکانی حکوومەتێکی سێکۆلار، دیموکراتیک و فیدراڵ بەستراوەتەوە بەم گۆڕانکارییە پێکهاتەییەوە. هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بازدان بەسەر ویستی نەتەوەکان یان بنیاتنانەوەی ئەزموونی ناوەندگەرایی، تەنیا دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەزموونێکی شکستخواردوو و ناسەردەمیانە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هێزە سیاسییە تێکۆشەرەکانی و کۆمەڵگەی مەدەنیی وشیار و بەرپرسیاریەوە، وێڕای هاوپەیمانانی لە هەرێمە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێران، لە قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان و هاوخەباتیدان تاکوو ئێرانێکی نوێ و جیاواز لە ئەزموونی پێشوو بنیات بنێن. وەک نەریتێکی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێمان وایە یەکڕیزی و تەباییی نێو ماڵی کورد ئەسڵێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە ئامانجی لەمێژینە و پڕبەهای ئازادی. هەربۆیە، هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی نێو جوگرافیای ئێرانیش بە پڕەنسیپێکی نەگۆڕی سیاسی بۆ سازدانی هەر جۆرە هاوپەیمانییەک دەزانین. هاوخەباتی و هاوچارەنووس‌بوونی نەتەوە بندەستەکان بەرانبەر بە عەقڵییەتی پاوانخواز و ناوەندگەرا لە هەر فۆرم و شێوەیەکدا بێت، بە ئەسڵێکی دیکەی خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەزانین. وێنای ئەم داهاتووە لە داڕشتنەوەی سیاسی و ئیداریی ئێراندا، تەنیا بە تێگەیشتنی هاوبەش و هاوخەباتیی هێزە ئازادیخوازەکان بەدی دێت.

لە دوورەڕوانی نەورۆزی ڕزگاریدا، ڕوو لە نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوە بندەستەکان و ئازادیخوازانی ئێران دەکەین و دەڵێین: کاتی یەکڕیزیی مەیدانی و تێکشکاندنی پاشماوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. لە کۆتاییشدا داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنانی پێشەنگ و لاوانی ئازا و چاونەترسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە بە وشیارییەوە پارێزگاری لە ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەستکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییەی بەردەم بکەن.

هاتنی هاوکاتی جێژنی ڕەمەزان و نەورۆزی کوردەواری لە هەموو موسوڵمانان، خەباتکاران و ئەویندارانی ئازادی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێگەی ڕزگاری پیرۆز بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

نەورۆزی ١٤٠٥ی هەتاوی