کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز

11:21 - 29 رەشەمه 2725

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاوە ڕایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بردووەتە قۆناغێکی نوێ و بەرفراوانترەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە فڕین لە بەرزییەکی نزمدا بەسەر ڕێڕەوە دەریاییە سەرەکییەکاندا، ئەرکی بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییە سەربازییانەیان گرتووەتە ئەستۆ کە سەر بە کۆماری ئیسلامین.

هەروەها هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی "ئاپاچی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دڕۆنە هێرشبەرەکانی ئێران و خستنەخوارەوەیان بەکاردەهێنرێن و ئەم هەنگاوانەش لە چوارچێوەی پلانێکی فرە قۆناغی پێنتاگۆنەوە جێبەجێ دەکرێن.

ئامانجی سەرەکی ئەم پلانە، کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشانە ڕاگەیەندراوە کە بریتین لە: بەلەمە خێرا چەکدارەکان، مینە دەریاییەکان و مووشەکە کروزەکان کە لە سەرەتای مانگی مارسەوە بوونەتە هۆی پەکخستنی جیددی هاتووچۆی کەشتییەکان لەم گەرووە گرینگەدا.

بەرپرسانی ئەمریکایی جەختیان کردووەتەوە کە لە ئەگەری کەمبوونەوەی ئەم هەڕەشانە، کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەتوانن لە گەرووەکە تێپەڕن و لە قۆناغی دواتردا، ئەرکی پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان بگرنە ئەستۆ بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنییەتی ڕێڕەوەکانی وزە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە داخرانی گەرووی هۆرمۆز لە حەفتەکانی ڕابردوودا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕە جیهانییەکانی وزە هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی نەوت.