کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا دەستی بەسەر چوار ماڵپەڕی سەر بە ناوەندە سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامیدا گرت

11:27 - 29 رەشەمه 2725

وەزارەتی داد و پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) ڕایانگەیاند کە دەستیان بەسەر چوار دۆمەینی ئینتێرنێتیی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدا گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئەم ماڵپەڕانە لەژێر ناوی جیاوازدا وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی فرەسنووری و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دەروونی دژی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان بەکار هێنراون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی بەرپرسانی ئەمریکی ئەم تۆڕە سیخوڕییە لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕانەوە (بە تایبەت گرووپی ناسراو بە حەنزەلە) کارە نایاساییەکانیان لەوانە: بڵاوکردنەوەی داتا و زانیاریی کەسیی (Doxing) نەیارانی ڕێژیم، هاندانی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگرانی ڕێژیمی ئێران. ئاشکراکردنی ناونیشانی نەیاران و هەڕەشەی ڕاستەوخۆی کوشتن لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا. پێشنیارکردنی پارە بۆ هەر کەسێک کە هێرشی سایبێری یان فیزیکی بکاتە سەر ئامانجە دیاریکراوەکان.

وەزارەتی دادی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە سایبێرییانەی کە لەلایەن سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە پشتیوانی دەکرێن.

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ناسینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بەردەوامە و ڕێگە نادەن خاکی ئەمریکا و ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بکرێتە ئامانج.