کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: کۆماری ئیسلامی وەک دارێکی ڕزیو لە لێواری هەرەسهێناندایە

12:05 - 29 رەشەمه 2725

بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕەخنەی توند لە کۆماری ئیسلامی، ئەم ڕێژیمەی بە "تاقمی مەرگ" وەسف کرد و وتی ئەم ڕێژیمە "لە کردەوەدا مەرگی بۆ خەڵکی خۆی هێناوە".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان، جەختی کردەوە کە هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ "لەنێوبردنی هەڕەشە بنەڕەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان" داڕێژراون و وتی کە ئەم ڕێژیمە لە ماوەی دەسەڵاتی چەند دەیەی ڕابردوویدا دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و تەنانەت خەڵکی خۆیشی کاری کردووە.

نێتانیاهوو هەروەها ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز، هەوڵی "گوشار و باج وەرگرتن لە جیهان" دەدات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامانجە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی بە "سڕینەوەی هەڕەشەی ئەتۆمی، لەنێوبردنی توانای مووشەکە بالستیکەکان و ڕەخساندنی بەستێن بۆ دیاریکردنی چارەنووس لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە" ناوبرد.

ناوبراو هەروەها باسی لە لێکۆڵینەوە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی جێگرەوەی گواستنەوەی وزە کرد، لەوانە هێڵە بۆرییەکانی گواستنەوە لە ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی عەرەبستان بەرەو دەریای ناوەڕاست.

نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بەوەی کە پێی دەڵێت "درز لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی"، ئەم ڕێژیمەی بە "پارچە دارێکی ڕزیو و بۆش" وەسف کرد کە "لە نێوەوە لە لێواری هەرەسهێناندایە".

لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی لە کۆتاییدا "بەستراوەتەوە بە خەڵکی ئێرانەوە" و هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە وردەکاریی ئەگەریی ئۆپەراسیۆنی زەوینی نەدا.