هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوە شەڕ و پێکدادانەکان، ڕاپۆرتەکان باس لە پشتگوێخستنی کرێکارانی بیناسازی بەبێ هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی کاریگەری دەوڵەت دەکەن کە بووەتە هۆی بێکارییەکی بەرفراوان و فراوانتربوونی قەیرانی بژێوی لەم کەرتەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری حکوومەتی "ئیلنا"، میکائیل سدیقی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ئەنجومەنە پیشەییەکانی کرێکارانی بیناسازی، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ڕاگرتنی پڕۆژە ئاوەدانکردنەوەکان، نزیکەی ٨٠ بۆ ٩٠ لەسەدی کرێکارانی ئەم بوارە بێکار بوون و زۆربەی کارگاکان داخراون.
ناوبراو وێڕای ڕەخنەگرتن لە کردەوەی دەوڵەت، جەختی کردوە کە "لە بارودۆخێکی وەهادا، کرێکاران بەبێ داهات و بەبێ پشتیوانی پشتگوێ خراون."
سدیقی هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی تێچووی بیمە و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر کردووە و ئەم دۆخەی بە دەرەنجامی نەبوونی سیاسەتی پاڵپشتیکارانە زانیوە.
بە وتەی ئەو، بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان وەک برنج و ڕۆن، لە پاڵ هەڵاوسانی ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ لەسەدی، گوشارێکی بێوێنەی خستووەتە سەر ژیانی کرێکاران.
ناوبراو وتی: "بەشێکی سەرەکیی ئەم داهاتە کەمەیش دەچێت بۆ کرێی خانوو و ڕوون نییە کرێکارێک چۆن دەبێت لەم بارودۆخەدا بەرگە بگرێت."
لەحالێکدا لە بارودۆخی ئاساییدا کرێکاران بەهۆی نەبوونی بیمەی بێکاری و سەندیکای سەربەخۆوە دەچەوسێنەوە، لە کاتی شەڕدا ئەم پشتگوێخستنە دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مانەوە و ژیانیان.