ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، لە کاناڵی تێلێگرامی خۆی ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی بەربڵاوی هێرش بۆ سەر ژێرخانەکانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە تاران دەست پێکردووە.
هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمیش ڕایانگەیاند کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ڕۆژاوا، ناوەند و ڕۆژهەلاتی تاران بیستراوە و سیستمەکانی بەرگری لەو شارە چالاک کراون.
هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە "بنکە سەربازییەکان" لە بوشێهر و دوو خاڵی نیزامی لە دەرەوەی یەزد کراونەتە ئامانجی هێرشی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی "هرانا"، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، چەندین شار لەوانە تاران، خوڕەمئاوا، ئیسفەهان، کەرەج، بەندەر ئەنزەلی، ڕەی، شیراز، تەورێز، بەهارستان، میناب، ئەهواز، گەرمەدەڕە، دەماوەند، بەمپوور، مەلەکان، بەندەر لەنگە، سەمیرەم و هەشتوەندی کراونەتە ئامانج.
لەبەرامبەردا، هەواڵدەریی حکوومەتیی ''میزان'' ڕایگەیاندووە کە ئەرتەش و سپا ٤ فڕۆکەی دوژمنیان لە کاتی هێرشەکان تێک شکاندووە.
پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەرتەشی وڵاتەکەی بەپێی ئەو ئامانجانەی ڕاگەیەندراون بەردەوام دەبن.