سپای پاسداران بە فەرمی کوژرانی "عەلی محەممەد نائینی"، وتەبێژی ئەم ڕێکخراوەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمەدا ڕاگەیاند.
بەپێی بەیاننامەی سپای پاسداران، ئەم فەرماندە باڵایە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەرپرسیاریەتیی وتەبێژیی ئەو ناوەندەی لە ئەستۆ بوو، لە ئەنجامی هێرشێکدا کوژراوە، بەڵام ئاماژە بە وردەکاریی زیاتری شوێن و چۆنیەتیی هێرشەکە نەکراوە.
کەمێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە عەلی محەممەد نائینییان کردووەتە ئامانج. تێئاڤیڤ جەختی کردەوە کە لە وەشانی گورزەکانیان دژی ڕێبەران و فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن.
تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کوژرانی، ئاژانسی هەواڵدەریی "فارس"ی سەر بە سپای پاسداران لێدوانێکی نائینی بڵاوکردبووەوە کە تێیدا ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لە دۆخی شەڕیشدا بەردەوامین لە بەرهەمهێنانی مووشەک و هیچ کێشەیەکمان لە کۆگاکردنیاندا نییە."
نائینی کە تەمەنی ٦٨ ساڵ بوو، وەک یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ناوەندی بڕیاردانی سپای پاسداران دەناسرا. ناوبراو پێش گرتنەدەستی پۆستی وتەبێژی، لە بوارە سیاسی، ئەمنی و میدیاییەکاندا چالاک بووە و وەک جێگری پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسدارانیش کاری کردووە.