کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاسمانی وڵاتانی کەنداودا

13:46 - 29 رەشەمه 2725

بەرپرسانی باڵای ئیمارات، کوەیت و عەرەبستانی سعوودی ڕایانگەیاند کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بوونەتەوە و هێرشەکانیان تێک شکاندووە.

لە کوەیت، ئەرتەشی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە سیستمە بەرگرییەکانیان چالاک کردووە بۆ وەڵامدانەوەی "هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکان".

 هاوکات دەوڵەتی ئیماراتیش بوونی "هەڕەشەی مووشەکی" لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا پشتڕاست کردەوە. هەروەها بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی ڕایانگەیاند کە توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ١٠ دڕۆنی هێرشبەر لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا شوێنپێ هەڵبگرن و لەنێویان بەرن.

وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین ڕایگەیاند کە پاشماوەی ئەو مووشەکانەی بە هێرشی ئێران ناوی بردن، بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکدا، بەڵام بێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە لووتکە و دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو بەردەوام دەکرێنە ئامانج، کە ئەمەش مەترسیی گەورەی بۆ سەر ئەمنییەتی وزە لە جیهاندا دروست کردووە.