لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوو ئەندامی وەفادار و نیشتمانپەروەری تەشکیلاتی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی شامات و محاڵی شازدەی مەهاباد، ماڵاواییان لە ژیان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی، کاک "سوڵتان حاجیزادە" تەمەن ٧٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "تازەکەند"ی ناوچەی شاماتی مەهاباد، بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو کە لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی ناوچەکەیە، لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوییەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتەوە کردووە و تا دوا ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆز و وەفادار بە ڕێبازی شەهیدان مایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی، کاک "قاسم ئابساڵان" خەڵکی گوندی "پایین"ی ناوچەی محاڵی شازدە و دانیشتووی شاری مەهاباد، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک قاسم لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر پەروەردە ببوو کە لە سەردەمی حزووری پێشمەرگەدا، ماڵەکەیان بەردەوام پەناگە و پشتیوانی تێکۆشەرانی دێموکرات بووە.
ناوبراو لە تەمەنی لاوێتییەوە بەهۆی هەستی بەرزی نەتەوەیی بووەتە ئەندامی حیزب و تا دوا هەناسە لەسەر پەیمانی خۆی بۆ خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی بەردەوام بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراوان، خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.