بەپێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، چەند وڵاتێکی ئورووپایی لەگەڵ ژاپۆن و کانادا ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بەشداری بکەن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی ئەمنی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەی وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و هۆڵەند لەگەڵ ژاپۆن و کانادا، هێرشی ئەمدواییانەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانەکانی وزە بە توندی سەرکۆنە کرا و سەبارەت بە چڕبوونەوەی گرژییەکان هۆشداری درا.
ئەم وڵاتانە داوایان لە ئێران کردووە دەستبەجێ هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان، هەنگاوەکانی پەیوەندیدار بە مینڕێژکردن و داخستنی گەرووەکە ڕابگرێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئازادیی کەشتیوانی یەکێکە لە بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و هەر جۆرە پەکخستنێک لە گەرووی هۆرمۆزدا دەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ ئابووریی جیهانی هەبێت.
وڵاتانی واژۆکەر هەروەها ڕایانگەیاندووە کە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزە هەنگاو دەنێن؛ لەوانە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەر بۆ زیادکردنی خستنەڕوو و ئازادکردنی پاشکەوتە ستراتیژییەکانی نەوت.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دێت کە لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا، گەرووی هۆرمۆز وەک یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا بووەتە ناوەندی قەیرانەکە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەککەوتنی هەناردەی نەوت و گاز ڕوویان لە زیادبوون کردووە.