کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆترێش: شورای ئەمنییەت فەرمانی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزی دەرکرد

15:18 - 29 رەشەمه 2725

ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە برۆکسێل وتی، کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران هاتووە.

ئەو داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل کرد هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران ڕابگرن و داوای لە ئێرانیش کرد کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبیی دراوسێ لە کەنداو بهێنێت.

گۆترێش ڕایگەیاند کە شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی ئەمدواییانەی سەرکۆنە و فەرمانی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزی دەرکردووە.

ناوبراو هۆشداریی دا: "بەردەوامبوونی داخرانی گەرووی هۆرمۆز، ئازارێکی بەرفراوان بەسەر زۆرێک لە خەڵکی سەرتاسەری جیهاندا دەسەپێنێت."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی وزە دەکرێت وەک تاوانی شەڕ ئەژمار بکرێت و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی، هەردوولایەن تۆمەتبار دەکات.

ئەو داوای لە دۆناڵد ترامپ کرد کە بێنیامین نێتانیاهوو ڕازی بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و وتی: "کلیلی چارەسەری قەیرانەکە ئەوەیە کە ئەمریکا ڕایبگەیەنێت ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ کردووە."

گۆترێش جەختی کردەوە کە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا تا ڕادەیەک لە ستراتیژیی ئیسرائیلەوە سەرچاوەی گرتووە و لێکەوتەی وێرانکەری بۆ ئابووریی جیهانی هەبووە و هۆشداریی دا کە چوونەدەرەوە لە قەیرانەکە کارێکی قورسە، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا لە پەیوەندیدایە.

ئەم لێدوانانەی ناوبراو دوای ئەوە هاتن کە ئێران هێرشی کردە سەر پاڵاوگەیەک لە عەرەبستان، دامەزراوە گازییەکانی قەتەر و دوو پاڵاوگەی کوەیت کە بوونە هۆی بازدانی نرخی جیهانیی نەوت و گاز.

ترامپ هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی ئێران بۆ سەر قەتەر، کێڵگەی گازی "پارسی جنوبی" وێران دەکات.