کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات: دەستمان بەسەر تۆڕێکی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا و ئێراندا گرت

16:28 - 29 رەشەمه 2725

هەواڵدەریی دەوڵەتی ئیمارات ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە "تۆڕێکی تێرۆریستی" کە سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان بووە و لەژێر پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چالاکیی کردووە، لەنێوبردووە و ئەندامانی ئەم تۆڕە دەسبەسەرکراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم گرووپە لەژێر ناوی چالاکیی بازرگانیی ساختە، دەستی هەبووە لە "سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی" و لە هەوڵی لاوازکردنی سەقامگیریی دارایی ئیماراتدا بووە.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی لوبنان ئەم کارەی بە "پیلانگێڕیی تێرۆریستی" دژی ئیمارات ناوبرد و سەرکۆنەی کرد، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری بە مەبەستی ڕاوەدوونانی ئەنجامدەرانی ڕاگەیاند.

ئەم وەزارەتە پێداگریی دەوڵەتی لوبنانی بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەمنییەتییەکانی حیزبوڵڵا دووپات کردەوە.

ئەم ڕووداوە لە درێژەی ئاشکراکردنی گرووپێکی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵا لە کوەیت بوو کە تێیدا دەست بەسەر چەک و دڕۆندا گیرابوو.