بەرپرسی شورای ئەمنییەتی ئۆکراین ڕایگەیاند کە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی دڕۆنەکانی ئێران و پاراستنی ژێرخانە مەدەنی و هەستیارەکان، یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان لە پێنج وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە.
"ڕۆستەم عومەرئۆف"، بەرپرسی شورای ئەمنییەتی ئۆکراین، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، کە یەکەکانیان لەو پێنج وڵاتەدا جێگیر کراون و هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ "هاوکاریی ئەمنییەتیی درێژخایەن" لەگەڵ هەر یەک لەو وڵاتانە دەستنیشان کراون.
ئەم بڕیارە دوای سەردانی عومەرئۆف بۆ وڵاتانی (ئیمارات، عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، کوەیت و ئوردن) دێت. ئۆکراین بەهۆی ئەزموونی شەڕی ڕووسیە و بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی دڕۆنە مۆدێل ئێرانییەکان، گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا لە تێکشاندنی ئەم جۆرە دڕۆنانە و ئێستا ئەو شارەزاییە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنێت.