کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە کرماشان

19:02 - 29 رەشەمه 2725

 ڕۆژی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی، کاک "محەممەدڕەزا ڕامینە"، پێشمەرگەی پێشوو و تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

کاک محەمەدڕەزا، کوڕی محەممەد و لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی "سپیئاوی زەردۆی" سەر بە شاری کرماشان، هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە کرد.

ناوبراو وەک ئەندامێکی چالاک لە ڕێکخراوی ناوچەی "باینگان" دەستی بە تێکۆشان کرد و لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد، وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان چەکی لە شان کرد.

کاک محەمەدڕەزا لە ڕیزی پێشمەرگەکانی لکی شەهید "موستەفا حوسێنی" لە هێزی "شاهۆ" ئەرکە نیشتمانی بەڕێوە دەبرد. لە کاتی شەڕی هەڵەبجەدا، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی گەڕایەوە بۆ کرماشان و دوای ماوەیەک زیندانیکردن، ئازاد کرا و لەو شارە نیشتەجێ بوو.

ناوبراو تا دوا ساتەکانی تەمەنی، وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە. تەرمی کاک محەممەدڕەزا لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکانی زەردۆی و باینگان، لە گۆڕستانی "وەیسی قەرەنی" بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.