مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هاوکات لەگەڵ نەورۆزدا سەبارەت بە بەردەوامیی سەرکوتەکان لە کۆماری ئیسلامی هۆشداریی دا.
مای ساتۆ لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز، داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی پچڕانی ئینتێرنێت و ئازادکردنی هەموو دەسبەسەرکراوانی کرد، بەتایبەت ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە خۆپیشاندانە سەراسەرییەکانەوە هەیە.
ساتۆ جەختی کردەوە کە قەیرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە و "بەم هێرشانە دەستی پێنەکردووە و بە کۆتاییهاتنی ئەوانیش کۆتایی نایەت".
بە وتەی ئەو، قوربانیانی ئەمڕۆ هەمان ئەو هاوڵاتییانەن کە پێشتریش لە خۆپیشاندانەکاندا کراونەتە ئامانجی سەرکوت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی لەسێدارەدان، گوشار بۆ سەر کەمینەکان، زیندانیکردنی نەیارانی سیاسی و توندوتیژی دژی ژنان؛ وەک نیشانەی سیاسەتە سەرکوتکەرە نەگۆڕەکانی ڕێژیم زانی."
ئەو پێشتریش داوای ڕوونکردنەوەی چارەنووسی دەسبەسەرکراوان و ڕاگرتنی لەسێدارەدانە پەیوەندیدارەکانی بە خۆپیشاندانەکانی کردبوو.
ئەم هۆشدارییانەی ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە، کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کاتی تەنگژە و شەڕە دەرەکییەکانیشدا، نەک هەر گوشارەکانی بۆ سەر نێوخۆ شل نەکردووەتەوە، بەڵکوو دۆخی نائاسایی ناوچەکەی وەک دەرفەتێک بۆ چڕکردنەوەی شەپۆلی لەسێدارەدان و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان بەکارهێناوە.