میدیاکانی نێوخۆی ئێران، کوژرانی ئیسماعیل ئەحمەدی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی ڕێکخراوی بەسیجیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێران، "حەمیدڕەزا موقەدەمفەر" ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، هەواڵی کوژرانی ئیسماعیل ئەحمەدی، جێگری فەرماندەی بەسیجی لەگەڵ "غوڵامڕەزا سولەیمانی" فەرماندەی ئەو هێزە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە ئاژانسی "مێهر" بڵاوی کردەوە، تەرمی ئیسماعیل ئەحمەدی ئەمڕۆ ٢٩ی ڕەشەمە لە شاری "ئاوپەخش" لە پارێزگای بوشێهر نێژراوە.
هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی بە زمانی فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند کە جگە لە غوڵامڕەزا سولەیمانی، ئیسماعیل ئەحمەدی-یش کە وەک "بەرپرسی بەشی ئیتیلاعات" لە بەسیجدا چالاک بووە، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە بۆ سەر تاران کوژراوە.