دوو هاوپەیمانیی سیاسی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران" و "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنە بەرفراوانەکان، دانپێدانانە زۆرەملییەکان و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان لە ئێرانیان بە توندی مەحکوم کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هاوکات لەگەڵ توندبوونی گرژییە ناوچەییەکان، ڕەوتێکی نیگەرانکەر لە نێوخۆی وڵاتدا دروست بووە کە دەسبەسەرکردنی سەدان هاووڵاتی لە شارە جیاوازەکان، تۆمەتی ئەمنییەتی ناڕوون و گەڕانەوەی ڕێکخراو بۆ بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لەخۆ دەگرێت.
بە وتەی ئەو دوو هاوپەیمانییە، زۆرێک لە دەسبەسەرکراوان بێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکان و لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.
لە بەشێکی دیکەدا، ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لە نموونەیەکی یەکگرتوو بۆ فراوانکردنی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی چاوترسێنکردن و سڕینەوەی دەنگە سەربەخۆکان وەسف کراون.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دانپێدانانە زۆرەملییەکان نەک بۆ دەرخستنی ڕاستی، بەڵکوو بۆ چەسپاندنی گێڕانەوەی فەرمیی ڕێژیم بەکار دەهێنرێن.
ئەم بەیاننامەیە بە ئاماژەدان بە جێبەجێکردنی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکان، ئەوەی بە نیشانەی توندبوونی سەرکوتی سیستماتیک زانیوە.
ئەم دوو هاوپەیمانییە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەسبەسەرکردنەکان، ئازادکردنی بێ مەرجی زیندانییان و کاردانەوەی دەسبەجێی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە.