کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی دوو سیخوڕی کۆماری ئیسلامی لە نزیک بنکەیەکی ئەتۆمیی بریتانیا

20:31 - 29 رەشەمه 2725

دوو کەسی گومانلێکراو بە سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی لەدوای هەوڵدان بۆ چوونەژوورەوە بۆ یەکێک لە هەستیارترین بنکە ئەتۆمییەکانی بریتانیا دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "سان"، پۆلیسی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، پیاوێکی تەمەن ٣٤ ساڵ و ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵەیان لە نزیک بنکەی دەریایی "ئێچ. ئێم. ئێن. بی کلاید" (HMNB Clyde) لە ناوچەی فەسلێین دەسبەسەر کردووە.

بنکەی کلاید شوێنی جێگیربوونی ئەو ژێردەریایییانەیە کە تەیارکراون بە مووشەکی ئەتۆمیی "ترایدێنت ٢" کە ڕۆڵی سەرەکی لە بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی بریتانیادا دەگێڕن.

بەپێی سەرچاوەکانی سان، پیاوە دەستبەسەرکراوەکە ئەگەری زۆرە ڕەگەزنامەی کۆماری ئیسلامیی هەبێت، لە کاتێکدا ڕەگەزنامەی ئەو ژنەی لەگەڵیدا بووە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی بە ڕۆژنامەی سانی ڕاگەیاندووە کە هەوڵی ئەم دوو کەسە بۆ چوونە ناو بنکەکە ناشارەزایانە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی بریتانیا وەک هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.

ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دزەکردنی ئەگەری و چالاکییە سیخوڕییەکانی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران زەق کردووەتەوە.