کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێف-بی-ئای: کۆماری ئیسلامی تێلێگرام بۆ سیخوڕیکردن بەکار دەهێنێت

10:51 - 1 خاکەلێوه 2726

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) هۆشداریی دا کە هاکەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام وەک ژێرخانێکی "فەرماندەیی و کۆنترۆڵ" (C2) بۆ چالاکییە تێکدەرەکانیان بەکار دەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی بەشی سایبێری پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا، ئەکتەرە سایبێرییەکانی ئێران ئەم ڕێگەیە بەکار دەهێنن بۆ گواستنەوەی بدافزار (پرۆگرامی زیانبەخش) بۆ نێو کۆمپیوتێر و مۆبایلە زیرەکەکانی نەیارانی ڕێژیم و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە سەرانسەری جیهاندا.

 ئامانجی ئەم هێرشانە جگە لە دەستکەوتنی زانیارییە تایبەتییەکان، لێدان لە پێگەی کەسایەتییە ئۆپۆزیسیۆنەکانە.

وردەکارییە تکنیکییەکان FBI هاوپێچێکی گرافیکی و دەقی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بە وردی شێوازی کارکردنی ئەم هەکێرانە ڕوون کراوەتەوە.

لەم شێوازەدا، تێلێگرام وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ ناردنی فەرمان بۆ ئامێرە هەککراوەکان و کۆکردنەوەی زانیارییە دزراوەکان بەکار دەهێنرێت، بە جۆرێک کە ناسینەوەی ئەم چالاکییانە بۆ بەکارهێنەری ئاسایی کارێکی ئەستەمە.