دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە حەوشەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە واشنگتۆن لە بارودۆخی ئێستادا بەدوای ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناگەڕێت.
ئەو بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی ڕێگای نیزامی وتی: "من بەدوای ئاگربەست ناگەرێم، کاتێک دوژمن بە واتای ڕاستەقینە لەنێو دەبەی، ئاگربەست ناکرێت، ئێمە بەدوای ئەوە نین."
ترامپ لە وڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە ئێران، خۆی بەدوور گرت لە پێدانی زانیاری ورد لەسەر بەرنامە سەربازییەکان، لەوانە دۆخی دوورگەی خارک و ناردنی هێزی زیاتر و وتی ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە لە بەرژەوەندی فەرماندە سەربازییەکاندا نییە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" وتی کە ئێمە دوژمنمان شکست داوە و ئەوان بەڕاستی دوژمن و کۆمەڵێک نەخۆشن و توانای دەریایی، ئاسمانی و بەرگریی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرفراوان لاواز کراوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕەخنەی لە ناتۆ گرت و وتی کە ناتۆ دەیتوانی یارمەتیمان بدات بەڵام ئەو بوێرییەی نەبوو و زیادی کرد کە ئەمریکا پێویستی بە گەرووی هۆرمۆز نییە و ئەو وڵاتانەی بۆ هاوردەکردنی وزە پەیویستیان بەو گەروویە هەیە بۆ ئەمنییەتی هەنگاو بنێن.
ترامپ لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ڕەخنەی لە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران گرت و وتی بەرپرسانی ئێرانی لات، ئاژەڵ و کەسانێکی دڕەندەن و هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو گورزەی ئەمریکا لێیدا، لێیان بدات.