کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ناوچەکە شەپۆلێکی دیکەی هێرشی ڕێژیمی ئێرانیان بەرپەرچ دایەوە

12:08 - 1 خاکەلێوه 2726

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە چەندین هێرشی دڕۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو و ئیسرائیل و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتانەش تێکشکاندنی چەندین ئامانجیان ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعوودی لە چەند ڕاگەیەندراوێکی جیادا باسی لەوە کرد کە توانیویانە شەش دڕۆن لە ئاسمانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا ڕاو بکەن و تێکیان بشکێنن.

هاوکات، بەرپرسانی دوبەی پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو دەنگانەی لە بەشێکی شارەکە بیستراون، دەرەنجامی سەرکەوتنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بووە لە بەرپەرچدانەوەی ئامانجەکاندا.

ئەم هەواڵانە دوای ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هات کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو وڵاتەکەی "خەریکی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە مووشەکی و دڕۆنییانەیە کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە کراون."

هاوکات، وەزارەتی بەرگریی کوێت ڕایگەیاند کە هێزەکانیان "سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی مووشەکی و دڕۆنین" لە ناوچەکەدا.

هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی مووشەکیی نوێی کردە سەر ئیسرائیل و لە بەرانبەردا ئەرتەشی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتییان کرد بەپەلە بچنە ناو پەناگەکان.

هاوکات ئەرتەشی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە ئاراستە کراون، لە کاردایە.